|
جهلال مهلا مستهفا
|
|
شەممە, 27 شوبات 2010 11:04 |
|
لە کاتێکا قسە لەسەر هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی نوێنەران ئەکەین لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا لەگەڵ بوونی ڕای جیاواز و فرە حیزبیو بەرژەوەندی جیاواز و فرە ڕەنگیو بەریەککەوتنو لێکترازانو لێکچوونی هەندێک لەحیزب و گروپ و لایەنە بەشداربووەکانە و هەر یەکەیان بە چەشنێک بەرژەوەندییە باڵاکان شرۆڤە ئەکات و ڕێکی ئەخات و جۆرێک میکانیزمی کارکردنی خۆی هەیە. سیمای دیاری کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بوونی فرە حیزبی و ڕای جیاواز، بەرژەوەندی جیاواز، دروست کردنی ڕای گشتی و بەشداریکردنی خەڵکییە ئەگەر نا هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی ناببنە پێوەر بۆ دیموکراسی کۆمەڵگا. بەرزی ئاستی بەشداربوون واتای ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک یان هاووڵاتی ڕاو هەڵوێستی خۆیان داوەو دەربڕیوە بەمەش هەڵبژاردنو هەڵبژێردراوان زۆرتر و زیاتر شەرعیەتیان دەبێت، کەئەمەش بۆ کورد حاڵەتێکی تەندروستە. بۆیە چاک وایە هەرچی زیاتر هان و پشتگیری جەماوەر بدرێت و بکرێت. بەرژەوەندی گشتی لە ئاستی لێکدانەوەو ڕوانگەو بۆچوونە سیاسییەکاندا پەیوەندی توند و تۆڵی بە ئاستی ڕۆشنبیری و دڵسۆزی و بیرکردنەوەی چینایەتی حیزب و ڕێکخراوەکانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی لە کوردستاندا جیاکردنەوەی چینەکانی کۆمەڵ هەروا کارێکی ئاسان نییە و جۆرێک لە بەیەکاچوون و لەیەک نزیکی هەیە هەر بۆیە لە لێکدانەوە و شرۆڤە و بۆچوونەکانیشدا وان. ئەکرێت بۆچوونە جیاوازەکان ڕیک بخرێن یان لەچوارچێوەیەکدا کۆبکرێنەوە و کار بۆئەوە بکرێت دیموکراسیەت لە عەقڵی تاکەکانی کۆمەڵگادا جێگیر بێت و بەهوشیارییەکی تەواوە ئیدارەی ناکۆکی و جیاوازییەکان بکرێت بەشێوەیەک بەرژەوەندییە نیشتمانی ونەتەوەیییەکانی تیا جێ بێتەوە لەکایەکی فراواندا. هەر بۆئەوەی باشترین و بەرزترین ئەنجاممان هەبێت هەوڵ بدرێت زۆرترین کەسی کورد بەشدار بێت واتە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە ویست و ئیرادەی خۆیان واتە ئاستی بەشداری کردن بەرز بکەینەوە بۆ ئەمەش فەزای گونجاو و هێمن دەستەبەر بکرێت بۆ ئەوپەڕی ڕێ خۆشکردن بە نەهێشتنی کەند و کۆسپ لەبەردەم و لەسە ڕێی بەشداربووان. دروست کردنی متمانە بەیەکتر بنەمایەکی سەرەکییە، کەئەمەش کارێکی سادەو سەرپێیی نییە وجگە لەکات کار و کرداری بنەڕەتی و ووردبینی و تا ئەوپەڕی دڵسۆزی ئەوێت، لەگەڵ ئەوەی کاری پێچەوانەش لەسەر ئاستی زۆر بەرز و هەمە لایەن لەگەڕدایە بەشێوەی تاک و کۆ و ڕێکخراو، چەندی بۆیان بکرێت کار لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان ئەکەن دژی ئاڕاستەی متمانە و بڕوا بە یەککردن. لەکاتێکا تاک لە کۆمەڵگادا بیر و هۆشیان لای خواستە تایبەتییەکانی خۆیانە، بۆ خۆ خستنە ناو کایەی نەتەوە و نیشتمانەوە وپەردەپۆشکرنی خواستە کەسێتییەکان ئەیبەستنەوە بە ئامانج و وویستە گشتگیرەکەوە کە مەودایەکی فراوانتر و مرۆڤایەتی تر لەخۆی ئەگرێت و ناشتوانن بوونی خۆیان بۆئەم خواستە بەرفراوانە بە کاڵی پیشان بدەن لەبەر ئەوەی کایەی نیشتمان و نەتەوە هەمیشە جوانتر و گەشترو تۆخ تر ئەنوێنێ و کەسایەتییەکەشی ڕازاوەتر و بگرە خۆشەویستریش ئەبێت لای گشت و لەو ڕێیەشەوە ئەتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە سەر خواستە تایبەتیبیەکانی خۆی. بەلام کەسێک کە لەناو کایە کۆمەڵایەتییە گشتیبیەکە ڕزگاری بووە و بووەتە جێی چاوەڕوانی و ژمارەیەکی مەزن و پێویست و دیار ئەکرێت بووەترێت کەسی بەرپرس یان سەکردە و سەرۆک باشتر ببێژێت و مەرجیش نییە ڕوونکردنەوەی گشتی بدات بۆ هەڵس و کەوت یان هەندێ لە ووتە و قەرارەکانی. هەربۆیە کاتێک کەسێکی وەک سەرۆک مام جەلال قسە لەسەر لێبووردەیی یان بەخشینی کەسانێک ئەکات بۆ خاتری مەسەلەیەکی گەورەتر و مەزنتر مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی لا گرنگترە و بەرچاو ڕوونی خۆی هەیە بۆیان بەمەش خواستی مەزن و ئامانجی زۆر دووری ئەوسەر ناڕۆشنی پێ ڕوون ئەکاتەوە و سەر ئەنجام بە سوودی مەزن بۆ گەل و نیشتمان تەواو ئەبێت و ئاشکراشە هەمیشە دۆست پەیا کردن سەختترە لە دوشمن پەیا کردن. ئێستاش ئەتوانم بڵێم ئامانجی سەرەتا و کۆتام بەشداری پێکردنی هەرچی زۆرتری خەڵکی کوردە و هەڵبژاردنی ئەم جارە جۆرێکە لە ڕیفراندۆم و ئەكرێت ببێتە بنچینەیەکیش بۆ سەرژمێری دەنگدەری کورد لە عێراقدا، خۆ ئەگەر ئەو هەندە بەیەک هەڵپژانەش تەنیا پێش کۆتایی هەڵبژاردنەکان بێت مایەی ئەوپەڕی خێر و خۆشی یە بۆ کورد و کوردستان، وەک (سوجانەواز) ی پاکستانیش ئەڵێ: سیاسی و سەرکردەکانی پاکستان بەتەواوی گەورەبوون بۆیە وەک گەورە هەڵس وکەوت ئەکەن و ئەزانن چی پێویستە بۆ گەل و ووڵات، بڕواشم وایە ئەم ووتە زایە بۆ سەرۆک و سەرکردە و سیاسییەکانی کوردیش هەروایە. ئێمە ئەزانین کە ڕکەبەری لەم جۆرە دەرهاویشتەی دۆخی گشتی کوردستانە و تەمەنیشی زۆر کەمە، ئێمە ناڵێین بە قەد تەمەنی خۆی هەڵس و کەوت بکات بەڵام پێویستە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بە جدی وەربگرێت و هەندێ جار خۆی بخاتە جێی بەرامبەرەکەی و تێ بگات ئەو ئازادییەی فەراهەم بووە لە سنوور و قەڵەمڕەوی ئیدارەی یەکێتیدایە و هەنگاوێ ئەولاتر چاوی سووریان پیشان ئەدرێت، تەنیا ڕستەیەک پارتی دیموکراتی کوردستانی هێنایە زمان و بەتووندی هۆشداری دانێ بۆیە چاک وایە نەرمتر و هێواشتر بچێتە پێش بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک قووت بچێت و تەنانەت بریسکەیەکی ئاگری شەڕی لێنەکەوێتەوە، ئەگەر نا ڕەوڕەوەی مێژووی کورد ئەگەر بۆ دواشەوە نەگەڕێتەوە زۆر هێواش یان لەکار ئەکەوێت و دەستە چەپەڵەکانی لە کەمیندان و هەموو بە خوێنمان سوور ئەبن ئیتر کەسیش نایەوێت ببێ بە ساحێبمان و بۆ ئەمە پێچەوانەکەشی بەتەواوی ڕاستە. وە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش وبەرگری لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان گرنگە پێشمەرگە دێرینەکان و کەم ئەندامان و کەسوکاری شەهیدان دەنگ بدەن بە باشترین کاندیدەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گیانی شەهیدان شاد کەن و بە دەنگیان خشتێک لە شورەی پۆڵای کوردستان داببنێن... .
|