|
کرێکارانی جیهان و گه‌لانی چه‌وساوه یه‌کگرن! ..
کوردستانێکی ئازاد وگه‌لێکی به‌ختیار! ..
له14ی شوباتی هه‌موو ساڵێکدا شیوعییه‌کان و دۆسته‌کانیان و رۆڵه دڵسۆزه‌کانی گه‌ڵ و چینی کرێکاران یادی شه‌هیدانی حیزب و گه‌ل، شه‌هێدانی شیوعی به‌رز راده‌گرن. له پێشڕه‌وی کاروانه مه‌زنه‌که‌یاندا فه‌هدو حازم و سارم که له رۆژانی 14و15ی شوباتی 1949دا له به‌غدای پایته‌خت له‌سێداره دران. ئه‌مه‌ش بووه رۆژی شه‌هیدی شیوعی.
له سێداره‌دانی ئه‌م سێ قاره‌مانه به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی فه‌رمانڕه‌واکان که به‌نیازبوون شیوعییه‌کان به به‌ندیخانه‌و سێداره له‌ناوبه‌رن، بووه هێزێکی گوڕ‌و تینبه‌خش بۆ مانه‌وه‌و به‌هێزبوونی حیزب و بزاڤی رزگاریخوازی.
له‌و کاته‌وه تا ئێستا کاروانی شه‌هیدان مه‌زنتر بووه‌و، له دوای کوده‌تا شوومه‌که‌ی 8ی شوباتی 1963 رژێمی ره‌فتار فاشیستی به‌عسییه‌کان و رژێمه دیکتاتۆره‌کانی دواتر له‌سه‌ر کوشتوبڕی شیوعییه‌کان به‌رده‌وامبوون، به‌ڵام به‌و سیاسه‌ته رژێمه‌که‌یان له مه‌رگ نزیک ده‌کرده‌وه‌و شیوعییه‌کان له‌سه‌ر خه‌باتی سه‌ختی خۆیان درێژه‌یانده‌دا.
له‌م خه‌باته‌دا زۆر له سه‌رکرده‌و کادیرو ئه‌ندامه قاره‌مانه‌کانی حیزب گیانی خۆیان به‌خشی به چینی کرێکار‌و گه‌ل و له ریزی پێشه‌وه‌یاندا سه‌لام عادل و جه‌مال حه‌یده‌ری و عه‌به‌لی و ئه‌بولعیس وحه‌سه‌ن عوێنه‌ونافیع یونس و ستار خچیر ومه‌هداوی و وه‌ێفی وماجدو جه‌لال ئه‌وقاتی و عایده یاسین ود. صفا و الحافظ
و د. صباح الدره و مارف به‌رزنجه‌یی وهاوڕێکانی و ئه‌وره‌حمانی ساڵحی خله‌و مه‌لاعه‌لی و حه‌مه‌سه‌عیدی لاله‌و عه‌بدوڵای قه‌ره‌داغی و عادل سه‌لیم و ره‌ئوفی حاجی قادر‌و عه‌لی شێخ حسێنی به‌رزنجه‌یی و ره‌ئوفی حاجی محه‌مه‌د (جه‌وهه‌ر) وشه‌هید کۆچه‌رو عه‌لی حاجی و به‌کر ته‌لانی و دڵبرین و ئه‌بو نه‌سیرو، مه‌لا عوسمان و سه‌فه‌رو... سه‌دان سه‌رکرده‌و کادیرو ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی ئازای حیزب که گیانیان به‌خشی و بوونه شه‌هیدانی حیزب و گه‌ل و ناویان له کتێبی شه‌هیدان و له‌مێژوی تیکۆشان و قوربانیدانی حیزب و گه‌له‌که‌ماندا تۆمارکراوه. بکوژه‌کانیشیان له دام و ده‌زگای رژێمه دیکتاتۆره‌کان و کۆنه‌په‌رستان و نۆکه‌ران و دوژمنانی شیوعێتی چوونه‌ته که‌لاوه‌کۆنی مێژوه‌وه‌و مۆری سه‌رشۆڕی و خیانه‌تیان به چاره‌دا نراوه.
شه‌هیدی نه‌مر د. ته‌وفیق روشدی ئه‌حمه‌د

(توفیق روشدی) که‌ناوی خۆیه‌تی و به دوکتۆر روشدی ناسراوه، کوڕی ئه‌حمه‌دبه‌گی سه‌عیدبه‌گی سلێمان به‌گه، که بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناسراوی شاره‌که‌ی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، شاری سلێمانین.
ئه‌م شه‌هیده‌مان زۆر که‌می له‌سه‌ر نووسراوه، بۆیه به‌باشمزانی له رۆژی شه‌هیدی شیوعیدا هه‌ندێ به‌درێژتر له‌سه‌ری بنووسم.
د. ته‌وفیق روشدی له سلێمانی ساڵی 1928 له گه‌ڕه‌کی کانێسکان له دایکبووه. دوای ته‌واوکردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی خوێندنی له زانکۆی به‌غدا له به‌شی فه‌لسه‌فه ته‌واوکردووه‌و کاتێک له به‌غدا قوتابی بووه بیروباوه‌ڕی مارکسیزمی په‌سند کردووه‌و له کۆتایی چله‌کان و سه‌ره‌تای په‌نجاکاندا بۆته ئه‌ندامی یه‌کێتی قوتابیانی گشتی عێراق و حیزبی شیوعی عێراق. له زۆر خۆپیشاندان و مانگرتنه‌کاندا به‌شداریی کردووه‌و له‌ناوخه‌ڵکدا خۆشه‌ویستبووه، چونکه قسه‌خۆش و زۆر حه‌زی له نوکته‌بووه.
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشه‌که‌ی 14ی ته‌موزی 1958و له‌دوای شکستیی شۆڕشه‌که‌و، له‌سه‌رده‌می دیکتاتۆریی تاقه‌که‌سیی عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا له سلێمانی رۆڵێکی به‌رچاوی له‌تێکۆشاندابووه‌و، ئه‌وکاته ئه‌ندامی لیژنه‌ی گه‌ڕه‌کی کانێسکانی حیزب بوو، له کۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کاندا چالاک بوو، هه‌ندێجار به‌ناوی رێکخراوه‌که‌ی حیزبه‌وه وتاری ده‌دا. له‌و ساڵانه‌دا بۆ خوێندن گه‌یشته مۆسکۆو له‌وێ بڕوانامه‌ی دوکتۆرای له به‌شی فه‌لسه‌فه‌دا وه‌رگرتووه‌و، نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی له‌باره‌ی (سپێنۆزا) وه بووه. پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆوڵات و ساڵی 1970-1971بووه به تۆمارکاری گشتی (مسجل عام) له زانکۆی سلێمانی وپاشان بووه به یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی زانکۆی سلێمانی و، ئینجا راگری کۆلێژی وێژه- ئاداب – دواجار به‌هۆکاری هه‌ڵوێسته سیاسییه‌کانییه‌وه له زانکۆ لابراو گواسترایه‌وه بۆ فه‌رمانبه‌ر له کۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی له به‌غدا. له ساڵی 1977دا گه‌ڕایه‌وه بۆ مۆسکۆو له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام بوو. هه‌ر له‌مۆسکۆ ژنی هێناوه‌و کوڕ‌و کچێکی هه‌یه به‌ناوه‌کانی لاسار‌و نه‌تاشا.
له کۆتایی ساڵانی حه‌فتادا چووه کۆماری دیموکراسی له خواروی یه‌مه‌ن و بووه مامۆستای فه‌لسه‌فه له زانکۆی عه‌ده‌ن و له قوتابخانه‌ی باڵای حیزبیش له عه‌ده‌ن مامۆستای فه‌لسه‌فه‌بوو. له‌وێش له‌سه‌ر چالاکی حیزبی له ریزه‌کانی حیزبی شیوعی عێڕاقدا به‌رده‌وامبوو. له کۆنه‌وه دام و ده‌زگای داپڵۆسێنه‌رانی سه‌ر به رژێمی سه‌دام به داخ و کینه له دڵبوون به‌رانبه‌ری.
له 5ی ئایاری 1979دا له عه‌ده‌ن نۆکه‌رانی ده‌زگای ئه‌من و هه‌واڵگری رژێم هه‌وڵیاندا به‌زۆر بۆ ناو باڵوێزخانه‌ی رژێمی به‌عسی دیکتاتۆری بڕفێنن و نامه‌یه‌کی بۆ هه‌ندێ که‌س پێ ئیمزابکه‌ن وبیڕوخێنن. به‌ڵام ئه‌و به‌رگری کردن و ملی بۆیان نه‌داو ده‌ستی به هاوارو ریسواکردنیانکرد. ئیتر ده‌ستڕێژیان لێکردو دایانه به‌ر ته‌قه‌و تێرۆریانکرد.
تاوانباران سێ که‌س بوون به ناوه‌کانی (عبد الرا سعید، سه‌میر به‌شیر و ئیبراهیم محه‌مه‌د) له کارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌ی رژێمی به‌غدا له عه‌ده‌ن و له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی پۆلیسی یه‌مه‌نه‌وه ده‌ستگیرکران و هه‌رسێکیان دانیان به راستیدا نا که له‌سه‌ر فه‌رمانی راسته‌وخۆی (عبدالحسین الجمیلی) به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ئه‌منی سیاسی له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌غداوه دوکتۆر روشدییان تێرۆرکردووه.
دادگایی کردنی ئاشکرای ئه‌و سێ تاوانباره له رادیۆ‌و ته‌له‌فیزیۆنی عه‌ده‌نه‌وه بڵاوکرایه‌وه‌و هه‌ر سێکیان پاشکۆی دیبلۆماسی بوون له باڵوێزخانه‌ی عێراق له عه‌ده‌ن و کارمه‌ندی ئه‌من و موخابه‌راتی عێراقی بوون و زۆڵه‌کوردێکی سیخوڕیشیان له‌گه‌ڵیان به‌شداربوو که له‌پاشدا به سزای خۆی گه‌یشت.
ئه‌و تاوانکارانه‌و رژێمه‌که‌و سه‌رۆکه دیکتاتۆره‌که‌شیان به ئه‌نجامی تاوانه‌کانیان گه‌یشتن و، ئه‌وانه‌شیان که ماون ده‌بێ بدرێنه دادگا‌و سزای ره‌وای تاوانه‌کانیان بدرێ.
مایه‌ی سه‌رنجه که حه‌مدی به‌گی مامی شه‌هید له‌شه‌ڕی یه‌که‌می جیهاندا، ئه‌فسه‌رێکی گه‌وره‌و فه‌رمانده‌ی تیپ بووه له‌سوپای حوسمانلیداو له سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن شه‌هیدکراوه.
له رۆژی شه‌هیدی شیوعیدا سڵاو‌و ستایشی نه‌مری و سه‌ربه‌رزی ده‌نێرین بۆ گیانی دوکتۆر ته‌وفیق روشدی و بۆ ته‌واوی شه‌هیدانی حیزب وگه‌ڵ، شه‌هیدانی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لانی کوردستان و عێراق و پێشنیاز ده‌که‌ین له زانکۆی سلێمانی شوێنێکی به‌ناوه‌وه ناوبنرێت.
سه‌روه‌ربێ رۆژی شه‌هیدی شیوعی.. !
هه‌ر شه‌کاوه‌بێ ئاڵا مه‌زنه‌که‌ی شه‌هیدان.. ئاڵای چینی کرێکار‌و گه‌ل!. ئاڵای کۆمونیستیی..
|