|
پیرۆز ڕاگرتنی یادی شه‌هیدان، مانای سۆز‌و وه‌فا و ڕێزلێنانه له خه‌بات و ماندوبوون و تێکۆشانیان که له پێناوی کورد‌و کوردستان داویانه، وه‌فاداری و ڕاستگۆی کوردانه بۆ خوێنی شه‌هیدان، بۆیه ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌کمانه پێکه‌وه له یادکردنه‌وه‌ی شه‌هیده‌کانماندا بتوانین به‌چه‌ند په‌یڤێک یادی ئه‌و نه‌مرانه به‌رزو پیرۆز ڕابگرین..
له یادی 6 ساڵه‌ی هه‌ڵۆ به‌رزه فڕه‌کانی کاره‌ساتی شوبات، ئه‌و شه‌هیدانه که سیمبوڵ و تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یه‌کن سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش بۆ گه‌وره‌یی و شکۆمه‌ندی ئه‌و شه‌هیدانه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان داده‌نه‌وێنین، به‌ڵێن و وه‌فا دووپات ده‌که‌ینه‌وه، که هه‌میشه درێژه پێده‌ری ڕێبازه پیرۆزه‌کانیان بین، ئه‌و کاره‌ساته له‌ڕۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزدا، که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ جه‌ژنه پیرۆزه پۆڵ پۆل و ده‌سته ده‌سته ڕوویان ده‌کرده باره‌گاکانی مه‌ڵبه‌ندی 3ی هه‌ولێری ی. ن. ک و لقی 2ی پ. د. ک، ئا له‌و کاتانه‌دا دوو تیرۆریست به به‌رنامه و پیلانێکی داڕێژراو خۆیان ته‌قانده‌وه‌و پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانیان خه‌ڵتانی خوێن کرد و سه‌رتاپای کوردستانیان خه‌مبارو ڕه‌شپۆش کرد..
تیرۆر وه‌کو دیارده‌یه‌کی جیهانی ئه‌مڕۆ له سه‌رتاسه‌ری جیهان مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی، ڕۆژانه‌ش تیرۆریستان ده‌ستیان بگاته هه‌ر شوێنێ به‌بێ سڵمینه‌وه کاری تیرۆریستی تێدا ئه‌نجامده‌ده‌ن، قینی کۆنه په‌رستانه‌و دواکه‌وتویی خۆیان به دیار ده‌خه‌ن و به خه‌یاڵی خۆیان به کار‌و کرده‌وه قێزه‌ونه‌کانیان ڕێگری له به‌رده‌م گۆڕانکاری و گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێشچون و زانست ده‌که‌ن و پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌رده‌می جه‌هاله‌ت و تاریکستانی!!
تیرۆر کردن ته‌نیا له‌باربردنی که‌سێک یاخود ترس و تۆقاندن و سڕینه‌وه و سڵکردنه‌وه له مه‌یدانی خه‌بات نی یه، شێوازی دیکه‌ش هه‌یه، به‌ڵام تیرۆری جه‌سته‌یی سه‌رکرده‌و که‌سایه‌تییه کورده‌کان مێژوویه‌کی دوور‌و درێژ‌و تاڵی هه‌یه، که کاریگه‌ری کردۆته سه‌رخه‌باتی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌ه‌ی کورد، به‌ڵام تۆزقاڵێک ساردمان ناکاته‌وه له‌خه‌بات و تێکۆشان بۆ پاراستنی ئه‌زمونه‌که‌مان و به‌ده‌ستهێنانی مافه زه‌وتکراوه‌کانمان، دوژمنان تیرۆریستان و داگیرکه‌رانی کوردستان خه‌یاڵیان خاوه، ئه‌گه‌ر وا هه‌ست بکه‌ن و بڵین به کاره‌ساتێک و تیرۆرکردنی چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌ک، خه‌بات و تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک خامۆش ده‌که‌ین، ئێمه‌ش ده‌ڵێین کوردستان چه‌ندان سه‌رکرده‌ی تری هه‌یه، ئه‌گه‌ر ده‌یان کادیر خه‌لتانی خوێن بکه‌ن، ئه‌وه کوردستان هه‌زاران کادیری تری ئاماده‌یه، ئه‌گه‌ر چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی پارێزه‌ری ده‌ستکه‌وته‌کان شه‌هید بکه‌ن، ئه‌وه ئه‌مڕۆ هه‌موو کورد به یه‌کده‌نگی و یه‌کڕیزی و یه‌کهه‌ڵوێستی پێشمه‌رگه‌یه.
کاره‌ساتی یه‌کی شوبات له‌گه‌ل ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی و بێ ویژدانی، به‌ڵام بووه هه‌وێنی زیاتر ته‌بایی و یه‌کڕیزی نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان.
ده‌با هه‌موومان پێکه‌وه یادی 6 ساڵه‌ی کاره‌ساتی شوبات بکه‌ینه وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی و سیمبول و تێکۆشان و به‌رخودانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، به‌شداریه‌کی کارا له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاینده بکه‌ین، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌کانمان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوحی ڕه‌وانی شه‌هیده‌کانمان شادمان بکه‌ین.
نه‌مری و سه‌ربه‌زی بۆ شه‌هیدانی یه‌کی شوبات و ته‌واوی شه‌هیدانی کورد‌و کوردستان
مردن و ڕووڕه‌شی و سه‌رشۆڕی بۆ تیرۆریستان و داگیرکه‌ران و ناحه‌زان.
کادیرو پێشمه‌رگه‌ی دێرین
م. عه‌ونی خۆشناو
01. 02. 2010 / هۆڵه‌ندا/ لاهای
|