|
ئه‌و پیاوێكه له وشه، ئێستاش دڵته‌ڕه و گڕی ئه‌وینی هه‌ر له دڵدا ماوه، نه‌ك ته‌نیا شیعر نووس بووه، شاعێرانه ژیانی به‌سه‌ر ئه‌بات، به‌بی ریش تاشین هیچ به‌یانیه‌ك له ماڵ ده‌رناكه‌وێت، ئێستاش تینوی ماچه، زه‌مه‌نێك له شاخ خوێنی كردبووه كاسه‌یك بۆ نیشتمان به‌شیعریش دڵنه‌وایی زێدی ئه‌دایه‌وه، مژده‌ی شادی له شیعره‌كانی ئه‌چۆڕایه‌وه، پڕه له وشه مرۆ حه‌ز ئه‌كات هه‌رده‌م لای بێت و قسه چێژبه‌خشه‌كانی ببیسێت. له به‌هاری ساڵی 1966 له گۆشه یه‌كی ئه‌م گه‌ردونه به‌نێوی (ئاكۆیان) له دایكێكی میهره‌بان چاو ئه‌تروكێنی، خوێنه‌رێكی زۆر باشه، لی به‌هۆی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه كه ئه‌و شانازی پێوه ئه‌كرد خوێندنی ته‌واو نه‌كردبوو، زۆر په‌راوێز خرابوو، من به ئه‌ركم زانی هه‌ڤپه‌یڤینێكی له‌گه‌ڵ بكه‌م كه به خۆشحالیه‌وه قبولی كرد. زۆر پرسیارم هه‌بوون، لی له بی كاتیدا نه‌مان توانی هیچ نه‌هێڵینینه‌وه باسی نه‌كه‌ین...
دیار: " ئه‌ی جوانی با ئه‌م زه‌مه‌نه به‌سه‌ر به‌رین " ناونیشانی دیوانه‌كه‌ته، به‌ڕاست ئه‌و زه‌مه‌نتان به‌سه‌ر برد، چۆن؟
ئاكۆیی:هه‌ڵبه‌ته ناونیشانی هۆنراوه‌یه‌كیشه له نێو ئه‌م دیوانه‌دا، نه‌توانرا و نه‌یان هێشت ئه‌م زه‌مه‌نه به‌سه‌ر به‌رین، جوانی نه‌یاری زۆره خۆشمان كه‌بووینه رێبواری ئه‌م كاروانه تێشووی هه‌گبه‌مان بای سه‌فه‌ره‌كه‌ی نه‌كردوو هه‌ر له قۆناغه سه‌ره‌تایه‌كان دا كۆتای پێ هات، چه‌ته‌كانی رێگاش ته‌نگیان پێ هه‌لچنین وبێ به‌زیانه ئه‌وه‌ی پێشمان مابوو بردیان.
دیار:چه‌نده تازیه باری بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی له سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیت دا نووسیبوون لی فه‌وتان؟ هی ئێستات وه‌كو ئه‌وكات چێژ به‌خشن؟
ئاكۆیی:به‌ڵێ ئێستاش ئاهیان بۆ هه‌ڵده‌كێشم وائه‌زانم شتێكی زۆر گه‌وه‌ره‌و گرنگم له ده‌ست چووه، هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی له‌سه‌ر ده‌می شاخ نووسیبووم هه‌میشه له نێو كۆڵه پشت یان له گیرفانم دابوون له‌سه‌ر كاغه‌زی (رایز) م به خه‌تێكی ورد نووسیبوون بۆ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌یان بچووك بێت به‌ڵام به‌داخه‌وه له ئه‌نفاڵه‌كان یاچوون، به‌لای منه‌وه ئه‌وانه‌ی ئه‌و كات چێژ به‌خشتربوون.
دیار: ئه‌وه‌ی من له تۆیدا ئه‌بینم دڵت زۆر گه‌نجه‌و ئاگات له داری ته‌مه‌نت نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر ئێستا كچێكی قژ كاڵ، لێو ئاڵ، به‌ژن چنارو مه‌مك هه‌نار ببینی هه‌ست به چی ئه‌كه‌یت؟
ئاكۆیی:سه‌رده‌می گه‌نجایه‌تیمان وه‌كو گه‌نجێك به‌ری نه‌كردووه بۆیه ئێستاش و له داهاتووشدا ئومێدێك هه‌میشه له خه‌یالمدایه رۆژگارێك دا دێت ئه‌و زه‌مه‌نه دێته‌وه شته ون بووه‌كان و جوانیه‌كانمان بۆ بگێرێته‌وه كه ئێمه زۆر به‌كه‌می دیمان و تیایی ژیاین، مرۆڤ تائه‌و كاته‌ی خورپه‌ی دڵی دێت له به‌رامبه‌ر جوانیه‌كان پێلو داناخات و مه‌ست ئه‌بێت پێی ئه‌گه‌ر ئه‌و جوانیه جوانی كچێكیش بێت.
دیار: ئه‌و عه‌شقه‌ی جاران پێت ئه‌نووسی، ئێستاش گڕ داره یان ئه‌و زه‌مه‌ن به‌سه‌ر چوو؟
ئاكۆیی: ئیستاش جار جاره ده‌نووسم به‌ڵام نووسینه‌كان زۆر به‌ده‌گمه‌ن شیعرن به‌ڵكو بابه‌تی ترن، زه‌مه‌نی زێرینی من بۆ نووسین ئه‌و زه‌مه‌نه بوو من ناوم ناوه (زه‌مه‌نی به‌رێ) زه‌مه‌نی پاكیزه‌یی وساده‌یی كه كه‌س قودره‌تی نه‌بوو ده‌ستی حه‌زه شێته‌كانی درێژكات بۆ جووته كۆتری سه‌ر لیسی سینگی كیژێ یان ئامانه‌تی سه‌ر چاكێ به‌رێ، گه‌ر هه‌شباو رووی دابا بكه‌ر ده‌چووه ژێر بارنی په‌شیمانی، به‌ڵێ ئه‌و زه‌مه‌نه له لای من به‌سه‌رچوو.
دیار: ده‌قی " موژدانه" كه له ژماره (59) ی "كوردستانی نوێ" په‌خش كربوو، به هیوایه‌كی زۆره‌وه نووسیوته، چ ئه‌و به‌شه‌ی به‌ر له ڕاپه‌رین چ ئه‌وه‌ی دووای راپه‌رین، چیت بیر دیچنیچته‌وه؟
ئاكۆیی:به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م شیعره دوای ئه‌نفاله‌كان نووسراوه هه‌ڵبه‌ته ئه‌و كاته بارودۆخێكی زۆر ناخۆش بوو كاره‌ساتێك بوو چه‌نگی له مێژوو گیر كردبوو كونده بۆی نائومێدی ده‌نگی ده‌هات، له وه‌ڵامی پرسیارێكی پێشودا ئاماژه‌م به‌وه‌ی داوه هه‌میشه ئومێد له لای من هه‌بووه بۆیه گوێم بۆ هه‌واڵی په‌یامێك هه‌ڵخستبوو به‌ڵنیشم دابوو كێ هه‌واڵی ئه‌م په‌یامه‌م پێ بدات موژدانه‌ی بده‌مێ.
له به‌شی دووه‌می كه‌له راپه‌رین نووسراوه هه‌واڵی ئه‌م په‌یاموم پێ گه‌یشت وپه‌یام هێنه‌ریش پێشمه‌رگه بوو موژدانه‌كه‌ی منیش ئه‌م هۆنرایه بوو، كۆمه‌لێك شتم بیر ده‌خاته‌وه له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه مه‌ست بوونمان به راپه‌رین و سه‌ركه‌وتن و هه‌ستانه‌وه.
دیار:خۆری شیعرت ئاوا بووه بۆیه چیتر شیعرت نابینین، یان ئخه‌می جاران ئه‌ت سوتێنی و لی ته‌نیا بۆخۆت ئه‌نووسی و ناته‌وی دلبه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه بیخوێننه‌وه؟
ئاكۆیی:ئه‌م پرسیاره‌م جار جار لی كراوه، به‌و مانایه نا كه خۆری شیعرم ئاوا بوبێ پێم وایه گه‌ر شیعریش بخوێنینه‌وه (كه ده‌خوێنمه‌وه) خۆری شیعرم هه‌ر له كه‌شكه‌لانه به‌ڵام راسته كانیاوی شیعر نووسینم خه‌ریكه چۆره‌ی ده‌كه‌ویتێ چوار پێنج ساڵه زۆر به‌كه‌می شیعر ده‌نووسم.
دیار:ئه‌گه‌ر جارێك شیعرێكی خۆت له‌سه‌ر لێوی كچیك بینی له نێو ئاپۆرایه‌ك و وشه‌كانی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ئه‌فڕین هه‌ست به چی ئه‌كه‌یت؟
ئاكۆیی: داده‌خورپێم، راده‌چله‌كێم هه‌موو جه‌سته‌م ئه‌بێته سه‌دان گوێچكه‌و چاو هه‌ر هه‌مووشیان له‌یه‌ك گوێچكه‌و چاوێك كۆده‌بنه‌وه بۆ سه‌رنجدان و تێڕامانی.
دیار: یاخیایه‌تیت پێوه دیاره به تایبه‌تی له ده‌قی " شه‌قام " ئیچستاش به‌و ته‌مه‌نه‌وه كه پیری گه‌نجی یاخی تریت یا نا؟
ئاكۆیی: كاكه‌گیان من پیر نیم، گه‌نجێكی به ته‌مه‌نم، مرۆڤ ده‌بێت هه‌میشه جۆرێك له گیانی یاخی بوونی تیا بێت، گه‌ر وانه‌بێت ژیان به جۆر‌و فۆڕمێكی تر ده‌گوزه‌رێ كه هیچ مانایه‌كی تیا نابێت، مرۆڤی به‌تال له یاخی بوون مرۆڤێكی مردووه و هه‌ستی چێژ وه‌رگرتنی له ده‌ست داوه.
دیار: با بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌وی سه‌رده‌می گه‌نجایه‌تیت چۆ كردوه، لێی په‌شیمان نیت؟
ئاكۆیی: له رۆژگارێك گه‌نجایه‌تیم به‌سه‌ر بردووه رۆژگارێكی ئاڵۆز‌و سه‌خت بووه، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ژیانی گه‌نجایه‌تی واته ماف وئه‌رك وخواست وحه‌زوئاره‌زووه‌كانی گه‌نج ئێمه نه‌مان بووه ته‌نیا شتێك هه‌مانبووبێ ئه‌رك بووه.
لێی په‌شیمان نیم چوونكه خۆمان دروستكه‌ری بارودۆخه‌كه نه‌بووین، به‌ڵكو به‌رۆكی گرتبووین.
دیار: رازیت به‌وانه‌ی نوسیوونت؟
ئاكۆیی:هه‌موو شیعره‌كانم له سه‌رده‌مێك نه‌نووسراون له قۆناغ و سه‌رده‌می جیاجیا نووسراون، هه‌ر شیعرێك له‌و سه‌رده‌مه‌ی تیای نووسراوه بۆ ئه‌و كاته لێی په‌شیمان نیم.
دیار: چۆن له ئێستای ئه‌ده‌بیات ئه‌روانی؟
ئاكۆیی: به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌ره‌و پێش چووه و گۆرانی به‌خۆوه دیوه‌و چووته ئه‌و دیووی سنووره‌كانی وڵات.
دیار: پێشمه‌رگایه‌ت ی و شیعرت چه‌نده هاورێی یه‌كتر بوون كامیان هه‌وێنی ئه‌وی تر بوون؟
ئاكۆیی: به‌ر له‌وه‌ی ببمه پێشمه‌رگه ئاشنایه‌تیم له گه‌ل شیعردا هه‌بووه به به‌رده‌وامی شیعره‌كانی (مام هێمن وپه‌شێووشێركۆ بێكه‌س وله‌تیف هه‌لمه‌ت) م ده‌خوێندنه‌وه كاریگه‌ری شیعره‌كانی ئه‌م شاعێرانه بیری نه‌ته‌وایه‌تی ونیشتمان په‌روه‌ری لا فره‌وانتر كردم و گیانی یاخی بوون و به‌رگری لا چه‌كه‌ره كردم، له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی دا ده‌ستم به شیعر نووسین كرد، پێشمه‌رگایه‌تی وشیعر په‌یوندیێكی پته‌و و رۆحیانه‌یان پێمه‌وه هه‌بوو، ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی تا راده‌یه‌ك هه‌وێنی شیعره‌كانم بوون. له‌وسه‌رده‌مه كه شیعرێكم ده‌نووسی و له گیرفانم ده‌نا پێم وابوو نارنجۆكێك یاخود مه‌خزه‌نێك فیشه‌كم له هاورێیه‌كانی ترم زیاتر پێیه.
دیار: ئه‌مه‌وی ئه‌م ئاخاوتنه خۆشه به كۆتا بێنم كه كۆل پرسیار ماون؟ لی به‌ر له كۆتاییه‌كه ئه‌مانه چی ئه‌گه‌یه‌نێنن له لات به‌كورتی؟ " خه‌ره‌ند، كچ، پێشمه‌رگه "
ئاكۆیی:
خه‌ره‌ند: مه‌رگی خه‌مه‌كان
كچ:ده‌ریایه‌ك له نهێنی وكێوێك له به‌زه‌یی
پێشمه‌رگه: په‌یام به‌ر
دیار: به‌راست ئه‌گه‌ر شتێك پێت خۆش بووبی لێتی بپرسم و نه‌م پرسیبی ماوه تا بیبێژیت بۆ مان؟
ئاكۆیی:هیوام سه‌ركه‌وتنه بۆ كوردستان، ده‌ستت خۆشبی، هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌م له دڵ شیرن بوو بیره‌وه‌ریه‌كانمت نوی كردنه‌وه
btishkaw@yahoo. com
|